داهاتووی کوردستان لەو پێشهاتانەی ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە!

نوسەر: مەسعوود ناسری
نوسراو لە بەرواری
0 0
15:12 2024 , December 01

ڕووداوەکانی ناوچەکە بە قازانجی کوردستان بەرەوپێش دەچن. ستراتیژیی ڕۆژاوا و جیهانی ئازاد لە ناوچەکەدا بریتییە لە "بەرهەمهێنانەوەی ئاسایش و سەقامگیری" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ ئەم مەبەستەش گرووپە پرۆکسییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە گڵۆپی سەوزی ڕۆژاوا یەک لە دوای یەک لاواز بوون و ڕۆژاوا دەیەوێت نفووزی ناوچەییی حکوومەتی ئێران سنووردار بکات.

 

ئیتر بەشار ئەسەد توانای کۆنترۆڵکردنەوەی حەلەبی نەماوە. حیزبوڵڵای لوبنان توانای شەڕ و هەواڵگریی بەتەواوەتی لەدەست داوە و ناتوانێت یارمەتیی بەشار ئەسەد بدات. نزیکەی هەموو فەرماندە باڵا و شارەزاکانی سپای پاسدارانی پاسدارانی ئێران کە شەڕی سوریەیان بەڕێوە برد و لە ساڵی ٢٠١٦دا حەلەبیان گرتەوە، لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون و لە ژیاندا نەماون و ورەی "بەرەی موقامەت" ڕووخاوە. ڕوسیەش لە شەڕی ئۆکرانیا گیری خواردووە. 

 

ئەگەر ئێران و ڕووسیە لەگەڵ تورکیە و جیهانی عەرەبی نەگەنە ڕێککەوتن بۆ پاراستنی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریە، پێ دەچێت ڕێژێمی سووریە بکەوێت.

 

هەرچەند  ئیسرائیل خوازیاری ڕووخانی بەشار ئەسەد نییە، چونکە ئەسەد بێزیانترین سەرکردەی جیهانی عەرەبی بوو بۆ ئیسرائیل، بەڵام بەشار ئەسەد ئەگەر پشتیوانی کارای ئێران و حزبوڵڵا و ڕووسیەی نەبێت، ئیتر هیچ شانسێکی بو مانەەوە لە دەسەڵات نابێت. 

 

ئەوەی پێوەندی بە بارۆدوخی کوردستان لە هەرکام لە بەشە جیاوازەکانی کوردستانەوە هەیە بریتی دەبێت لە:

 

ـ لەم پروسەی "بەرهەمهێنانەوەی ئاسایش و سەقامگیری" ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا کورد پەراوێز ناخرێت، بەڵکوو ڕۆژاوایییەکان وردە وردە پاڵپشتیی ئۆتۆنۆمییەکی بەرفراوان بۆ ڕۆژاوای کوردستان و بۆ باکووری کوردستان دەکەن.

 

ـ باشووری کوردستان خاوەنی حکوومەتی دیفاکتۆی خۆیەتی و لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا مافەکانیان پارێزراون. دوژمنانی هەرێمی کوردستانیش چە لە عێراق و چە لە ناوچەکەدا وردە وردە لاواز دەبن و ‌هەرێمی کوردستان بەرەو سەقامگیریی سیاسی و گەشەی ئابووری هەنگاو دەنێت. 

 

ـ بەڵام ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاکوو ئیستە بەهۆی ناکۆکیی حیزبییە سیاسییەکان و دووبەرەکی و نەبوونی یەکدەنگی، لە پێشهاتەکانی داهاتووی ناوچەکەدا، بەداخەوە لە هاوکێشەی ڕۆژاوادا هیچ جێگایەکی نییە. ئەگەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆازیاری ئەوەن کە "پارچەیەک لە کێکی" داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مسۆگەر بکات، دەبێت یەکگرتوو بێت و وەک یەک نەتەوە هەڵسوکەوت بکات (نەک هەر کەسەو بو خۆی). بۆ ئەم مەبەستەش باشترە لێژنەیەکی (هەیئەتێک) نوێنەرایەتی نەتەوەی کورد بۆ بەرەوپێشبردنی داخوازییە نەتەوەیییە دێموکراتیکەکانمان پێک بهێنرێت.

 

خاڵی گرنگ کە نابێت لەبیر بکرێت، ئەوەیە کە ڕۆژاوا و جیهانی ئازاد هەرگیز نایانەوێت خاکی ئێران دابەش بکەن، بەڵام لە چوارچێوەی جوگرافیای سیاسیی ئێراندا دژایەتیی ئۆتۆنۆمی ناوچەیی یان فیدراڵیزم بۆ کورد ناکەن. وەلێ بۆ گەیشتن بەم ئامانجە کوردستان دەبێت یەکگرتوو و یەکدەنگ بێت، ئەوکات ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە هاوکێشەکانی داهاتوودا پشکی دەبێت.

بۆچونی نوێ