ترامپ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

نوسەر: دکتۆر عەلی مازووچی
نوسراو لە بەرواری
0 0
20:11 2024 , November 16

لە هەڵبژاردنی پێنچی نوامبری ٢٠٢٤ی ئەمریکا، ترامپ (کۆماریخواز) بە جیاوازی دەنگێکی زۆر توانی بە  سەر ڕکابەرەکەی خاتوو هاریزدا (دیموکرات) زاڵ بێت. ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بۆ زۆربەی ئێمە بە لەبەر چاوگرتنی کەسایەتی ترامپ، گەلێک جێگای سەرسوڕمان بوو. دیارە سەرنجراکێشتر لەوە، لێکدانەوەی ئێمە و کەسانی دیکەیە لە سەر سیاسەتی ترامپ لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچە جیاجیاکان و هەروەها سیاسەتی لە مەڕ مافی مرۆڤ و پرسی  ژینگە کە لە ئێستادا گەورەترین کۆسپە لە سەرانسەری جیهاندا. ڕەنگە تێکچوونی ژینگە و گەرمبوونی گۆی زەوی ببێتە هۆی کۆچی گەورە لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان. ئەو دیاردەیە زۆر جێگای سەرنجە چوونکە ترامپ دیدیکی زۆر بەرتەسکانەی سەبارەت بە کۆچبەران هەیە و بەڵێنی داوە کە زۆر بە توندی بەرهەڵستی دەبێتەوە.

گرنگترین فاکتەر لە سیاسەتدا، کارەکتەری مرۆڤەکانە. ئیریش فرۆم باسی جۆرەکانی کارەکتەری ئاوتۆریتەر، کارەکتەری نارسیست (خۆبەگەورەزانین و خۆخۆشەویستی لە ڕادەبەدەر) و کارەکتەری  بازرگانی دەکا. لەم نووسراوەیەدا، باسکردن لە کارەکتەری ئاوتۆریتەر و نارسیست و بازرگانی کە سەرجەمیان لە کەسایەتی ترامپدا بەدی دکرێن، گرنگی زۆری هەیە.  گێورگ سیسلن، ترامپ وەک پۆپولیستیکی ڕاستگەرای مەترسیدار هەژماردەکا؛ لە لاپەڕەی ٦٠ی پەرتووکەکەیدا بە ناوی "ترامپ! پۆپۆلیسم وەک سیاسەتوان"، ترامپ وەک دیوەزمەیەکی ترسناک دەناسێنێت و وەک کەسایەتییەکی نارسیست و ئاوتۆریتەر پێناسەی دەکات. فریدمان میخیل، ژۆڕنالیستی بە ناوبانگی ئاڵمانی، هەڵبژاردنی ترامپ بە مەترسییەکی گەورە بۆ ئامانجە دیموکراتییەکانی ئوروپا، ماڤی مرۆڤ و ژینگەپاریزی و خەڵکی داماو و هەژار دەزانێ. فریدمان پێی وایە کە هەبوونی ئەو وەک پیاوێکی بەهێز و ئاوتۆریتەر کە هیچ نرخێک بۆ مرۆڤ دانانێ و درۆزنێکی گەورە و زۆر بێ رێزە، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پارتە ڕاستڕەوەکان  لە ئوروپا و لە سەراسەری جیهان. ئەو پێی وایە کە رژێمەکانی وڵاتانی وەک تورکیا، روسیە، مەجارستان و هەموو ئەو پارتە نەژادپەرستانەی ئوروپا دەکەونە بەرەی ترامپەوە. پێشێلکردنی مافی مرۆڤ سەبارت بە کۆچبەران و نەتەوە بێدەوڵەتەکان بەو پەڕی خۆێ دەگا و کۆچبەران تووشی ئاستەنگی بنەرەتی دەبنەوە.

بۆ ئێمە گرنگی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسییە دوو لایەنەیە: هەم  لە ڕووی ڕەچاوگرتنی مافی مرۆڤ و مافی نەتەوە ژێڕدەستەکان و هەم لە ڕووی سیاسەتی رۆژهەلاتی ناوەڕاست بە تایبەت سیاسەتی ترامپ لە هەمبەر ئێران و هێزە نیابەتییەکانی لە فەلەستین، لوبنان، عێراق، یەمەن و سوریە کە بە چاو و گۆی ئەو دەناسرێن. لە ئێستادا ئیسرائیل توانیوێتی زیانی زۆر توند لە حەماس و حیزبوڵای لوبنان بدا و گرنگترین سەرکردە و کادرە کاراکانی لە ناوببات. لە هەمان کاتدا ئەمریکا و بەریتانیا چەند جار هێرشیان کردۆتە سەر حوسییەکانی یەمەن. هەندێ جار حەشدی شەعبی و گرووپە نیابەتییەکانی تری ڕژیمی مەلایان لە عێراقدا گورزیان بەردەکەوێت. سوریاش بەردەوام لە ژێر هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل دایە. ئێران چەندین میلیارد دۆلاری بۆ ئەم گرووپانە سەرفکردووە بە جۆرێ بەشێک لە بوودجەی ئێران بۆ دابینکردنی چەک و چۆڵیان تەرخان دەکرێت. ئیسرائیل و ئێران هەندێ جار هێرشی کونترۆڵکراو دەکەن سەر یەکتر. هەرکات ئیسرائیل هەلی بۆ ڕەخسا بۆ لە ناوبردنی سەرانی سوپای پاسدران و سوپای قودس دێتە مەێدان. تا ئیستا حکومەتی جۆبایدن پێشگیری لە ئیسرائیل دەکا کە هێرش بکاتە سەر ناوندە هەستیارەکانی وەک ناوەندە ئەتۆمییەکانی و بە تایبەت پیشەسازی نەوتی ئێران. پاش هاتنە سەر دەسەڵاتی ترامپ، بێگۆمان ئاڵوگۆڕی گەورە بە سەر سیاسەتی ئەمریکا چ لە ناوخۆ و چ لە دەروەدا ڕوودەدەن  کە بە گۆمانی من ئیتر هیچ  سنوریک بۆ ئیسرائیل داناندرێ. ئەوە بە هیچ شێوەیەک مانای ئەوە نیە کە ترامپ خوازیاری شەڕە، بەڵکوو فشارەکان تا ئەو پەڕی خۆی دەباتە سەر تاکو لایەنی بەرامبەر ملکەچی خۆی دەکا. ئەگەر ئەو ئامانجەی پێکا، فشارەکانی لە سەر لادەبا و دووبارە مەودای پێدەدا.

بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ترامپ تیمیکی هەڵبژاردووە کە ئاوێنەیەکن لە بیروباوڕی  ئەو  لە مەڕ سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی و ژینگەیی و ئابوورییەوە. دوو دیاردەی گرنگ لە ناوەرۆکی هەڵبژاردەکانی ترامپدا بەدی دەکرێن: یەکەم، ئەوانەی هەڵیبژاردوون هەموویان ئەندامی پارتی کۆماریخواز نین بەڵکوو سەرجەمیان ترامپیست و دەوڵەمەندن. دوووەم، هەر کامیان لەو پەڕی ڕاستگەڕایی دان،  بۆ نموونە Tom Homan بەرپرسی چاودێری سنوور و ناردنەوەی پەنابەران کە بە کەسایەتێکی زۆر توندڕۆ ناسراوە، Elon Musk گەورە سەرمایەدارێکی ڕاستگەرایە کە دەبێتە بەرپرسی پاشەکەوت خەزێنەی ترامپ. تا ئێستا چەندین میلیارد دۆلاری باجی پاشقل داوە و پڕۆژەکانی زیانی زۆر گەورەیان بە ژینگە  گەیاندووە. لەبەر ئەوەش بەنیازە بوودجەی ژینگەپارێزی تا ڕادەیەکی زۆر کەم بکاتەوە و کارمەندانی ئەو بەشە بنێرێتەوە بۆ ماڵ و بێکاریان بکات.  بۆ گۆڕانی  یاساکانی کە ترامپ پێوایە دەبێ بگۆردرێت Pete Hegseth دیاری دەکرێت کە زۆر ڕاسگەڕایە. هەروەها Marco Rubio ی بۆ وەزارەتی دەرەوە دەست نیشان کردووە  کە دژبەری ئێران و لایەنگری ئیسرائیلە. ئەویش هەر لە رێڕەوەی ترامپ دایە.

لەسەر بنەمای ئەو هەڵبژاردنە دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە مەر ئۆکراین و روسیەدا و چین سیاسەتیکی جیاواز لە بایدن پەیڕەوە بکات. لایەنە بەرچاوەکانی ئەم سیاسەتە نوێیە ڕەنگە بە شێوەی خوارەوە بێت:

ا. زۆرترین فشار دەخاتە سەر ئێران. شەڕ لە لوبنان و غەزە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە هێزە نیابەتییەکانی ئێران بەتەواویی لاواز دەبن. ئەگەر ئێران پێی لە بەڕەی خۆێ زیاتر ڕاکێشی، لەوانەیە هەم هێرش بکرێتە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی و هەم هێرش بکرێتە سەر پیشەسازی نەوت و کارگەکانی دروستکردنی چەک و تەقەمەنی. لەهەمان کاتدا گەماڕۆی ئابووری بەرتەسکتر دەکەن. تا ئەو کاتە کە ڕژیمی ئیسلامی بەتەواویی تەسلیمی سیاسەتی ترامپ دبێت. بەڵام دەکرێش ئەوان زۆر شێتانە کردەوە نیشان بدەن و ببنە هووی نابوودی وڵات. وەکو لە سەروە باسمان کرد ترامپ کەسایەتێکی نارسیستە و ئامانجی ژێرچەپۆکەکردنی بەرامبەرەکەی پەیڕەو دەکا نەک لەناوبردنی بەتەواوەتی. شەرانی کۆماری ئیسلامیش هەر وەکی ترامپ دیکتاتور و و نارسیستن و ئەوانیش تابعی هێزی بەتوانتر لە خۆیانن.

ب. ئیزۆلەکردنی ئیران لەڕێگای زیندووکردنەوەی پەیمانی ئیبراهیم کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ وڵاتانی عەڕەبی بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل بەسترابوو. هەروەها ئامادەبوونی بەهێزتری ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە مەرجێک وڵاتانی عەڕەب تێچووی ئەو پێگە سەربازییەکانی دابین بکەن.

پ. فشارهێنان بۆ ئۆکراین بە مەبەستی ڕازیببون بە ئاشتی لەگەڵ روسیە و کەمکردنەوە یاخود تەنانەت بڕینی کۆمەکی ماڵی و چەک و چۆڵ. ترامپ، ولادیمیر الکساندر سەلینسکی بە دزێک وێناکرد کە هەر چەند مانگ جارێک سەفەر بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئوروپا دەکا و چەند میلیارد دۆڵار و یۆرۆ دەخاتە گیرفانی و دەگەڕێتەوە. جیدی بوونی ترامپ  لە مەڕ ئۆکرائین لە سەفەری  ئەو ڕۆژانەی بلینکن، وەزیری دەرەوەدا بۆ بروکسل تەواو دەردەکەوێت. ئەو باسی ئەوەی کرد کە جۆبایدن بەنیازە کە هەمووی ئەو٦٠ میلیارد دۆلارەی کە بە ئۆکراین بەڵێن دراوە، پێش ئەوەی ترامپ بێتە سەرکار دەدرێتە سەرۆک کۆمار سەلینسکی. هەروەها داوای لە سەرۆکی ناتۆ و وڵاتانی یەکیتی ئوروپا کرد بە تەواوی پشتوانی ئۆکراین بکەن بۆ ئەوەی سیاسەتی ترامپ کە دەبیتە هۆی سەرکەوتنی روسیە پێشی پێی بگیردرێت.

ت. زۆر کەس گومانیان وایە کە ترامپ بەپێچەوانەی جۆبایدن پەیوەندییەکی زۆر پتەو و قایم لەگەڵ تورکیادا دەبەستێت. ئەردۆغان یەکەم کەس بوو کە پیرۆزبایی لە ترامپ کرد. دەبێ لە داهاتوودا چاوەڕوانی گرم و هۆڕی پۆستاڵی سەربازی تورک لە کوردستان، بە تایبەت لە ڕۆژائاوی کوردستان، بین چوونکە لەوانەیە ترامپ سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا نەخاتە شەڕەوە بەڵکوو کەڵک لە وڵاتانی وەک تورکیا وەربگرێت.

دەبێ ئاماژە بەوە بدەم کە هێزەکانی ڕاستگەرا، شاپەرست، سەڵتەتخواز و میللیگەراکانی ئێرانی زۆر دڵیان بە ترامپ خۆشە. باسی ئەوە دەکەن کە دەبێ پەیوەندی باش لەگەڵ ترامپ و ئیسرائیلدا دروست بکەن و شازادەکەیان بۆ ئێرانی داهاتوو ئامادە بکەن!

 بەڵام ئەو ئاڵوگۆڕانە چییان بۆ کورد تێدایە. لە یازدەی مانگی نوامبری ٢٠٢٤ وەزیری تازەی ئیسرائیل، گیدیۆن سار، نەتەوەی کوردی بە نەتەوەیکی گەورە دانا و بە هاوپەیمانی خۆیان ناوبرد. باسی ئەوەی کرد کە کورد بووەتە قوربانی سیاسەتی تورکیا و ئێران. دیارە ئەوە لە کاتێک دایە کە هەم ئێران و هەم تورکیا پیشتوانی لە دژبەرانی ئیسرائیل دەکەن.  بێگومان کورد دەبێ کەڵک لەو دەرگا کراوانە وەربگرێت، بەڵام کیسەهەڵدرون کە ئەوانە هەتا سەر هەڵویستیان ئاوا دەمێنێتەوە هیچ قسەی تێدانێت کە بە سادە بیرکردنەوە دێتە ئەژمار. دەبێ ئەوەش بڵێم کە کورد لەگەڵ نەتەوەی یەهود دۆستە و هیچ دژایەتییەکی نیە. هیوادارم کە ئەو دۆستایەتییە ببێتە کردەیی و ستراتیژی. ئێمە لەگەل ئەوەی کە ئەو ئاڵوگۆرەی لە ئەمریکادا هاتووەتە دی بە قازانجی هەمەلایەنی نازانین، بەڵام دەرفەتیشی تێدا دەبینین و دەبێت ئەو دەرفەتانە بخەینە ناو پلانی ستراتیژی خۆمانەوە و ئەوپەڕی کەڵکی لێوەربگرین.

بۆچونی نوێ