کێ رووخێنەری دیکتاتۆرییەتە لە ئێران؟

نوسەر: عەبدولڕەحمان گەورکی
نوسراو لە بەرواری
0 0
11:11 2024 , November 07

لەگەڵ نزیکبوونەوەی "ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران"، قسە و باسەکان سەبارەت بە داهاتووی ئەم وڵاتە گەرمتر دەبن و رۆژانە پێویستی و رەهەندەکانی زیاتر دەبن. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە "کێ رووخێنەری دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران؟". ئایا هەر کەس و هێز و لایەنێک دەتوانێت رووخێنەری بێت و ئەمکارە بە کێ دەکرێت؟ ئایا گەڕانەوە بۆ رژێمی پێشوو دەتوانێت "بژاردە" بێت لەم رێڕەوەدا؟

هەمووان دەزانن کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو لە جۆری "پاشایەتی" بووە، دیکتاتۆرییەتی ئێستایش لە جۆری (بەناو) "کۆماری"یە، ئەویشە لە جۆری بەناو مەزهەبی. لە هەردوو دیکتاتۆرییەتەکەدا خەڵکی ئێران لە مافەکانیان بێبەش کراون.

ئازادی و دیموکراسی!

لە وڵاتێکدا کە "ئازادی" نەبێت، هەموو شتێک رەنگ و سیمای دیکتاتۆرییەتی پێوە دیارە. گرنگ نییە ئاڵاهەڵگرانی وەها دەسەڵاتێک، هەڵگری کام قوتابخانە یان ئایدیۆلۆژیا بن. پاشایەتی بێت یان ویلایەتی فەقیهی یا... هتد! هەربۆیە ئازادی "گرنگترین" و "پیرۆزترین" وشەی سەرەکییە کە مرۆڤ دەبێت خوێنی بۆ بکاتە قوربانی و خەبات و شەڕی مان و نەمانی بکات! ئەمە ئەرکی هەموو مرۆڤێکی هۆشیارە لە ئێراندا؟ دەبێ ئازادی بۆ هەمووان بێت. ئەگینا ئازادی نیە! (ئازادی) لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگا مرۆییەکاندا.

بەو پێەیەش، دەتوانین هەست بەو راستییە بکەین کە لە دیکتاتۆریی شا و دیکتاتۆریی مەزهەبیدا "ئازادی" هەر نەبووە. کەوایە دەتوانین لەوە بگەین کە بۆچی دیکتاتۆر و دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان لە "ئازادی" دەترسن؟ بۆچی لەمجۆرە رژێمە دیکتاتۆرانەدا، هەموو دەستەواژەکان شێواون. چونکە لە بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکانەوە بگرە هەتا بەها ئەخلاقی و ئایینییەکان هەر هەموویان خراپ بەکارهێنراون.

چارەسەر چییە؟

تایبەت بە ئێران، لایەنگرانی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە شێوازی جیاواز دەرکەوتوون و ئاڵتەرناتیڤ دادەتاشن. بەڵام بە هۆی هەبوونی " ئاڵتەرناتیڤی دیموکراتیک" و "جەماوەری"، واتە ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەت، کە هاوکات، هاوپەیمانییەکی هەرە دێرینی سیاسییە لە مێژووی ئێراندا، ئەو هەوڵانە سەرنەکەوتوو و "دوابڕاون" و هەرگیز قبوڵ نەکراون و ناکرێن لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە. ئێرانییەکان پەندێکی بەناوبانگیان هەیە کە هاوکات وانەیەکی گەورەشە لە مێژوودا. "تاقیکردنەوەی تاقیکراوەکراوەکان هەڵەیە". خەڵکی ئێران بە ئەزموون فێری ئەوە بوون کە هەرگیز نابێ تەسلیمی دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی یان دیکتاتۆرییەتی ئایینی بن. ئەمجۆرە دەسەڵاتانە لە ئێران تاقیکراونەتەوە و بەدناو و بەنەفرەتکراون!

گرنگی گەیشتن بە ئازادی

گەیشتن بە ئازادی کارێکی ئاسان نییە. چونکە ئازادی "گەوهەرێکی بەنرخە" و بۆ گەیشتن بە ئازادی دەبێ واز لە هەموو شتێک بهێنرێت. پێویستە پشتگریی یەکتر بکرێت و رێکخستنی بۆ بکرێت و ئاستەنگەکان تێپەڕێنرێت. ئێران گۆڕەپانی شەڕێکی ئاوها خوێناوییە!

دیکتاتۆریی پاشایەتی و دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی هەمیشە خەڵکیان لە "ئازادی" بێبەش کردووە. "حیزبگەلێک"یان دروستکردووە و "دروشمگەلێک"یان بەرزکردۆتەوە و چەک و سوپا و دەزگایان بۆ "سەرکوتکردنی ئازادی لە کۆمەڵگادا" بەکارهێناوە. گرتن، ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان، کوشتن، تیرۆرکردن، شەڕخوازی، تاڵانکردن و پیلانگێڕی لە دژی خەڵک و بزووتنەوە دژە دیکتاتۆرییەکان بۆ ئەم مەبەستەن. هەناردەکردنی بناژۆخوازیی ئیسلامی و هەڕەشە و رفاندن و بارمتەگرتن و بە شەیتانکردن لە دژی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەمان مەبەستە. چونکە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بەدوای مانەوەن لە دەسەڵاتدا!

خەڵکی ئێران قوربانییەکی زۆریان داوە بەرامبەر بە دوو دیکتاتۆریی پاشایەتی و ویلایەتی فەقیهیدا و زیاتر لە (١٢٠) هەزار شەهیدیان داوە. ئەوان بڕیاریان داوە بۆ هەمیشە دیکتاتۆری لە وڵاتەکەیاندا بنەبڕ بکەن. زۆر ئاستەنگیان تێپەڕاندووە و ئەزموونی زۆریان کەڵەکە کردووە. هەروەک چۆن، زۆر کەس و لایەنە بەڕواڵەت (دۆست)ەکانیان لاداوە!

نموونەیەکی مێژوویی

کاتی هاتنە سەر کاری ئاخوند (محەممەد خاتەمی) وەک سەرکۆماری ئاخوندان، تەنیا موقاومەتی خەڵکی ئێران بوو کە رایگەیاند: "مار کۆتر هەڵناهێنێت"! واتە لە ژێر رۆشنایی ئەم رژێمەدا، "ئازادی" بەدەست نایەت! تێپەڕبوونی کات، سەلماندی کە گەڕان بەدوای ریفۆرمخواز لەم دەسەڵاتەدا تراویلکەیە. خەڵکی ئێران لە راپەڕینی ساڵی 1396 (کۆتایی ساڵی 2016) و لە شەقامەکانی ئێراندا دروشمیان بەرزکردەوە کە (ئیسڵاح تەڵەب، ئوسولگەرا – ئیتر کۆتایی هات ماجەرا).

نمونەی نوێ!

مەسعوود پزیشکیان "پاسداری وەلی فەقێ"یە و لەلایەن رەوتی بەناو ریفۆرمخوازەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام خۆی باسی لەوە کردووە کە "ملکەچی وەلی فەقێ"یە و لەلایەن (عەلی خامنەیی)ەوە بۆ پۆستی سەرۆکۆماری دەستنیشان کراوە. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئەودا زیاتر لە (350) کەس لە سێدارە دراون، گرانی و هەژاری زیادی کردووە و شەڕخوازییەکانی رژێمی مەزهەبی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەیشتووەتە لوتکە. ئەوە لە بیر نەکەین کە پزیشکیان خۆی گوتبووی کە بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتی وەلی فەقیهی هاتووەتە مەیدانەکەوە.

رزگارکردنی ئێران!

بە ئاوڕدانەوە لە دیمەنی ئەمڕۆی ئێران، دەبینین لە رۆژانی بەرزبوونەوەی گرژیی نێوان فاشیزمی ئایینی و ئیسرائیل لەسەر لوبنان، چاوبڕین بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران لە (ئاسمان)ەوە، وەک نموونەی مەلانەسرەدین و هێلکەکەیە. مەلای ساویلکەمان ویستی باڵندەیەک لە ئاسماندا بفڕێت و هێلکەیەک بکات و بکەوێتە خوارەوە و بکەوێتە سەر سەبەتەی مەلا و خۆی و خێزانی لە سەر سفرە هێلکەکە بخۆن! بۆیە "ئێران" هەرگیز بە (چارەسەری ئاسمانیك ناگات بە ئازادی! ئێران موڵک و ماڵی خەڵکی ئێرانە و رووخاندنی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقهیی ئەرکی خەڵک و موقاومەتی ئێرانە. هەروەک چۆن خەڵکی ئێران دیکتاتۆریی پاشایەتیان رووخاند. گەل تێچوونەکەی ئەم هەنگاوەیان دا و رووخاندیان بە تەواوەتی.

سەربەخۆیی

چاونەبڕین لە دەست و پەنجەی زلهێزەکان بۆ رووخاندنی رژێمی مەزهەبی، یەکێک لە شاکارەکانی موقاومەتی ئێرانە. تاکە داواکاری خەڵک و موقاومەتی ئێران لە دەوڵەتانی دەرەوە ئەوە بووە کە، ئەگەر ئێوە پشتیوانی لە ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی ئەم رژێمە، واتە ئەنجومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێران ناکەن، لانیکەم پشتیوانی لە دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی مەکەن. رۆڵە شۆڕشگێڕەکانی ئەم ئاو و خاکە مەخەنە ناو لیستە تیرۆریستییەکانتانەوە و مەبن بە "کۆسپ" لەبەردەمیاندا و لەو رێگایەی گەل دوور بکەونەوە. بۆ ئەوەی گەل و موقاومەتی ئێران ئەم رژێمە دیکتاتۆرە بڕووخێنن. شاعیری ناودار (سائیب تەورێزی) لە شێعرێکدا وتوویەتی "ئەگەر گرێیەک ناکەیتەوە، مەشبە بە گرێ".

ڕووخاندنی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران، شتێکی لە ناکاو و بە هەڵکەوت نییە. بێ یاسامەندی و لەخۆڕا نییە. دیاردەیەکی زانستییە و پەیڕەوی لە یاسا بێ مشت و مڕەکان دەکات. بیناکە دەبێت خشت بە خشت دروست بکرێت. لە دونیای بێ تێچوویی و بێ رەگیدا، بەدیلی دیموکراتیک و جەماوەەری بۆ ئەم رژێمە دەرناکەوێت!

دوا وشە!

ئەڵتەرناتیڤێکی واقیعیانە و دیموکراتیک، پێویستی بە تیۆری و ستراتیژی و بناغە و رێکخستنی تۆکمە هەیە کە ساڵانێک کاری لەسەر کرابێت. بەربەستەکانی تێپەڕاندبێت و تامی ساردی و تاڵیی سەردەمی چێشتبێت. بە بیرۆکە و تیۆری دیکتاتۆرییەت، ناکرێت دژی دیکتاتۆرییەت هەنگاو بنرێت. تۆ ناتوانی بە بێ تێچوون و نرخ و خەرج نەکردن، متمانەی خەڵک بەدەست بهێنیت. دەبێت رەگ و ریشەت لە ئێراندا داکوتابێت.

موقاومەتی ئێران لەگەڵ ئەوەدا کە خاوەن "دەستەی سەرکردایەتیی راپەڕینی بەکۆمەڵ"ە، ئێستا هەزاران ناوەندی شۆڕشی لە سەرتاسەری ئێراندا درووست کردووە کە ساڵانێکی زۆرە هێرش دەکەنە سەر ناوەندەکانی سەرکوت و تاڵانی ئەم رژێمە لە ئێران.

***

بۆچونی نوێ