ڕێبەری بێ بەرپرسایەتی

نوسەر: د. مەجید حەقی
نوسراو لە بەرواری
0 0
08:11 2024 , November 07

عەلی خامنەیی لە ماوەی زیاتر لە ٣٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی خۆی وەک رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، هەرکات بڕیاردان سەخت بێ یان لەوانەیە بەرپرسایەتییەکی بەدواوە بێت، خۆی لە بەرپرسایەتی لا دەدات و ئەو ئەرکە بە کاربەدەستانی دیکە دەسپێرێت. دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بۆ زۆر کەس بووەتە جێی پرسیار داخۆ ئێران وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل دەداتەوە یا نا؟ بەرلەوە هەموو جارێ خامنەیی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە و لەگەڵ خاک یەکسانکردنی تەلئاڤیڤ و شارەکانی ئیسرائیلی دەکرد.

 

دوا بەدوای هێرشی رۆژی شەممە ٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ بۆ سەر بنکە سەربازی و بەرگریی هەوایی ئێران، رێژێمی ئێران سەرەتا هەوڵی دا ڕووداوەکە بچووک نیشان بدات، بۆ ئەوەی ناچار نەبێ وەڵام بداتەوە. بێدەنگیی فەرماندەکانی سپای پاسداران و دەسەڵاتدارانی ڕێژێم لە سەرەتادا و بەتایبەت ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەو هێرشە ئەم گریمانەیە بەهێز کردبوو کە لەوانەیە ئێران بەتەما نەبێت وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە و شەڕی ئێران و ئیسرائیل لەو سۆنگەیەوە کۆنترۆل بکرێت.

 

بەڵام قسەکانی ڕۆژی دواتری خامنەیی بوو بە هۆی خوڵقاندنی کەشی شک و دوودڵی لەنێوان دەسەڵاتدارانی ڕێژێم. خامنەیی لە قسەکانیدا بە ڕوونی باسی تۆڵەسەندنەوەی لە ئیسرائیل نەکرد. بەڵکوو تۆپەکەی فرێ دایە مەیدانی "شوڕای بەرزی ئاسایش" و دەوڵەت و بەرپرسایەتی بڕیاردانی بەوان سپارد.

 

خامنەیی کە لای وانەبوو هەمووان بە قووڵایی زیان و خەسارەکانی هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران دەزانن، وای دانابوو گەر بێت و شوڕای بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی (شورای عالی امنیت ملی) ئێران و دەوڵەت بڕیار بدەن وەڵامی ئیسرائیل بدەنەوە و ئێران تووشی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا ببێت. خامنەیی لە داهاتوودا خۆی لەو بەرپرسایەتیە دەپارێزێ و دەڵێ ئەمە بڕیاری بەرپرسان بووە و ئەو هیچ ڕۆڵێکی نەبووە. بەڵام ئەگەر بێت و بڕیارەکە ئەوە بێت کە وەڵام نەدرێتەوە، خامنەیی بە لایەنگرانی تونداژۆی خۆی دەڵێ کە ئەوە دەوڵەتە بڕێار نادات، دەنا من خۆم ئامادەی شەڕی لەنێوبردنی ئیسرائیلم.

 

خامنەیی وا ڕاهاتوە لە کاتە سەختەکاندا هەمیشە بەرپرسایەتی بخاتە ئەستۆی کاربەدەستان و خۆی بێبەری بکات لە هەڵەکان و بەرپرسایەتییەکان. ئەو بڕیار و بەرپرسایەتییانەی بەبێ مۆڵەتی ئەو هیچ‌کات نادرێن و جێبەجێش ناکرێن.

 

بە پێی دستووری ئێران بەرپرسایەتیی ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی لەگەڵ وڵاتێکی دیکە بە ئەستۆی رێبەری وڵاتە، بەڵام خامنەیی هەوڵی داوە لە هەردوو لاوە مەیدانی کایە بۆخۆی ساز کات و لە بەرپرسایەتی هەڵبێت. خامنەیی پێشتریش ئەو جۆرە کردارانەی لە خۆی نیشان داوە، ساڵی ١٣٩٨ لە سەردەمی سەرۆک‌کۆماری ڕۆحانی دوای ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە هۆی گرانی لەنەکاوی بەنزین کە بوو بە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە خەڵکی ناڕازی، خامنەیی بێبەریبو‌ونی خۆی لەو بوارەدا ڕاگەیاند و گوتی بەرپرسانی دەزگاکانی دەسەڵات ئەو بڕیارەیان داوە. هەمان جۆر لە کرداری لە خۆی نیشان دا کاتێک دۆنالد ترامپ بڕیاری دا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیمانی بەرجام دەرکەوێت. ئەوکات خامنەیی وتی کە لە سەرەتادا دژی ئەو پەیمانە بووە بەڵام "بەرپرسان" گوێیان بە هۆشدارییەکانی ئەو نەداوە. لەکاتێکدا هەموو دەزانن هیچ بڕیارێک بەبێ ڕەزامەندی خامنەیی نادرێت و هیچ پەیمانێک بێ ئەرێ کردنی ئەو واژۆ ناکرێت. بەرلە دەسپێکی دەوڵەتی رۆحانی لە سەردەمی ئەحمەدی نژاد گفتگۆکانی بەرجام لە سەر بڕیاری خامنەیی بە شاراوە دەستی پێ کردبوو و دواتریش حەسەن رۆحانی و محەمەد جەواد زەریف بە مۆڵەتی ئەو لە گەڵ ئەمریکا گفتگۆیان کرد و لە هەموو قۆناغەکانی گفتگۆکاندا راپۆرتیان بە خامنەیی داوە.

 

نموونەکانی سەرەوە نیشان دەدەن کە چۆن خامنەیی لە کاتە هەستیارەکاندا خۆی لە بەرپرسایەتی دەدزێتەوە و بڕیارە سەختەکان کە لەوانەیە دواتر لە ڕوانگەی ڕژێمەوە سەرکەوتوو نەبن و ئەو بتوانێت بەرپرسانی خۆی سەرکۆنە بکات و خۆی بە لایەنگری مافی خەڵک نیشان بدات.

 

دوای هێرشێ ڕۆژی ٢٦ی ئۆکتۆبری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، خامنەیی لە سەرەتادا بە هۆکارێکی گرینگ ویستی خۆی لەو بەرپرسایەتییە دەرباز بکات. ئەو کە هەستی بە هێزی کاریگەری ئیسرائیل کردووە، سەرەتا بڕیاردانی لە مەڕ "تۆلە ئەستاندنەوە"ی سپارد بە "ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی"، بەڵام کاتێک ئەوەی بن بەڕە هاتە سەر بەڕە و زاندرا کە ئیسڕائیل چ گورزێکی کوشندەی لە ناوەندە سەربازییەکانی ئێران داوە و مێدیا بیانییەکان و ناوەندە هەواڵگرییەکان بە بەڵگەوە هەموو وردەکانیان ئاشکرا کرد، جارێکی دیکە هاتەوە پشت تریبوون و ئەمجارەیان هەڕەشەکانی دەست پێ کردەوە.

 

هەڵبەت خۆ ئەگەر خامنەیی بەرەوڕووی ئەو دۆخەش نەبووبایەوە و بڕیارەکە لەلایەن  شوڕای بەرزی ئەمنییەتی میللیی ئێرانەوە درابا، تەوفیرێکی ئەوتۆی نەدەبوو. چونکی هەموو ئەندامانی ئەو شوڕایەش لەلایەن خودی خامنەییەوە دیاری کراون.

 

لە ئێستادا خامنەیی لە کاتێکدا جاڕی شەڕ دەدا و باس لە تۆڵەکردنەوە دەکات، کە خەڵکی ئێران بە تەواوی پشتیان لە کۆماری ئیسلامی کردوە و خامنەیی و ڕێژیمەکەی بە هۆکاری هەموو شەڕ و قەیرانەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەزانن و نەک هەر ڕیزەکانی خۆیان لە ڕێژیم جیا کردووەتەوە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ لە سەنگەری دژ بە خامنەیی و ڕێژیمەکەیدا جێیان گرتوە.

بۆچونی نوێ