پێویستی ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی ٣٦٠ پلەیی نەتەوەیی لە پێناو پەرەپێدانی گوێگرتن و چارەسەری دیپلۆماسی ناوخۆیی
شۆرشی ژینا لە کوردستان و ئێراندا، کاتالیزۆرێک بوو بۆ ڕوون بوونەوەی پۆتانسیەل و هەڕەشەکانی بەردەم کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەم لە ئاستی ناوخۆی ڕۆژهەڵات، هەم لە ئاستی ئێران و تەنانەت لە ئاستی ناونەتەوەییدا. شۆرشی ژینا دەری خست کە مخابن، یەکگرتوویی و هاوپەیمانییەکانی ڕابردووی نێوان هێزە سیاسیەکانی کوردی لە سەر بنەمای ستراتێژیک، بەرنامەبۆ دارێژراو نەبووە و زۆرتر بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی تاکتیکی پێویستییەکانی پێکهێنەرانی ئەو "هاوپەیمانیانە" بووە. سەلمێنەری ئەو ئیدعایەی من شتێک نیە جگە لە لێک دوورکەوتنەکان و شەڕی نەرمی دوای واژۆی "مەنشووری مەهسا" و خۆ بەرپرس نەزانینی لایەنەکان بەرامبەر بە هەڵەکانیان و دوور کەوتن لەو بنەمانایانەن کە سەردەمانێک لایەنەکان بۆخۆیان بانگەشەیان بۆ دەکرد. هەوڵەکانی لایەنەکانیش تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە جارێ بە کردەوە نەبووتە هۆی نزیک بوونەوەیەکی ستراتێژیک و دروشمەکان نەیانتوانیوە شکڵێکی ماددی بەخۆیانەوە بگرن.
بۆ ئەوەی جیهان لێمان تێبگات و پشتیوانی جیهانی بۆ پرسی نەتەوەیی خۆمان بەدەست بێنین، پێویستمان بە یەکریزی و یەکگرتوویی هەیە. بۆ ئەوەی یەکریزی بەدەست بێنین، پێویستمان بە تێگەیشتنێکی ورد و تەواو هەیە لەوەی کە کێ و چی وێنەی نەتەوەیەک پێک دەهێنێت. ئێمە مخابن خاوەنی توێژینەوەیەکی وا نین، کە چوارچێوەیەکی تیۆریک و مێتۆدۆلۆژیانە بۆچوونی خەلکی بیانی لە سەر وێنەی سیاسی ئێمە بزاڤی نەتەوەیی کورد شی بکاتەوە. لێکۆلینەوەیەکی ناوخۆیی خۆشمان نیە لە مەڕ ئەو خەسارە دەروونی، کۆمەڵایەتی، مرۆڤی و ژینگەییانەی کە بەهۆی پەرتەوازەیی و لێکترازانەکانی ناو بزاڤی کوردستان. بزاڤی سیاسی کوردستان پێویستە هەست بە گرینگی چەمکی ڕای گشتی و پێکهێنانی وێنەی بنەتەوە بکات و مۆدێلێکی پێوانەکردن لە بەرچاو بگرێت بۆ هەڵسوکەوتی سیاسی خۆی. لە سەر ئەم بنەمایە پێویستیمان بە ئامرازێکی نوێ و داهێنەرانە هەیە بەناوی گوێگرتن لە پێناو ناسینی ئاواتە گشتییەکانی کۆمەلگا و بەهێزکردنی دیپلۆماسی ناوخۆیی. تەنیا دانهێنان بە فرەڕەنگی کۆمەلگا و پلۆرالیزمی سیاسی کوردستان ناتوانێت ببێتە هۆی وێکگەیشتوویی بەڵکوو دەبێ مۆدێلێکی کاری داهێنان بکرێت کە لەودا پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان وێنەی نشتیمان پێک بێنن و لەو چوارچێوەیەدا بایەخە گشتییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان شی بکرێنەوە. ئەم شێوازە رێگە بە شی کاری ستراتێژیک دەدات کە چؤن پێوەندییەکانی دیپلۆماسی ناوخۆیی و جیاوازییەکان دەتوانن بەشداری بکەن لە پێکهێنانی وێنەیەکی ئەمرۆیی لە کوردستان. ئێمە پێویستمان بە توێژینەوە وگفتگۆ هەیە لە سەر پێوەندی نێوان لایەنەکان لە ڕووی چەندی و چۆنیەتییەوە، پێوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان و کۆمەلگای مەدەنی، خاڵە بەهیز و لاوازەکانی ئەو پێوەندییانە و تەواویەتی بزاڤی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان. جیالەوە پێویستمان بە سازکردنی مۆدێلێکە بۆ وێناکردنی بزوێنەرەەکانی بایەخە هاوبەشەکانی ناو کۆمەلگا بۆ ئەوەی بتوانین وێنەی گشتی کۆمەڵگا لە وێکگەیشتووییەکی هارمۆنێکدا وێنا بکەین. ئەو هەنگاوانە دەبنە هۆی ئەوەی ئێمە بتوانین هەڵسەنگاندنێکی ریالیستیانە لە کۆمەلگای خۆمان بەدەست بێنین و گرینگی "گوێ گرتن" لە پێکهێنانی بایەخە هاوبەشەکان هەست پێ بکەین.
گرتنەبەری سیاسەتی ٣٦٠ پلەیی زۆر هەستیار و پێویستی بە پێوەندی، بەرێوەبەری و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە هەیە کە دەتوانێت سەکۆی بازدان لە ڕابردووی پڕلە کێشەدا بەرەو داهاتوویەکی چارەسەری هێنەر. سیاەتی ٣٦٠ پلەیی یەکێک لە ئامرازە ساناکانە بۆ تێگەیشتن لە شوێندانەری هەڵوێست و کردارەکانمان لە سەر خەڵکانی دیکە و شێوەی تێگەیشتنی ئەوان لە هەڵسوکەوتمان. دەروونناسی یارمەتیدەری مرۆڤە بۆ ناسینی خۆی. بەڵام ڕەچاوکردنی سیاسەتی ٣٦٠ پلەیی یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەی خۆمان بەو شێوەیەی کە خەڵکانی دیکە دەناسن بناسین. لە رێگەری سیاسەتی ٣٦٠ پلەییدا ئێمە دەتوانین بەوەی پێی دەوترێ "جام جهان نما[1]" (ئەرێنی: ئاگادار، ئەرێنی: نائاگا، نەرێنی: ئاگادار، نەرێنی: بێئاگا) بگەین وەک پەنجەرەی "جۆهاری"، بەڵام گرینگی دەداتە جیاوازییە هەستکردنەکان (ادراکی) لە مێحوەرەکانی کەمێک جیاواز بەکار دەهێنێت بۆ رێکخستنی زانیارییەکان. پەنجەرەی جۆهاریی بریتیە لە مۆدێلێک لە وێناکردنی ئاستەکانی هۆشیاری لە ڕەفتاری مرۆڤدا. ئەو مۆدێلە پێوەندی مرۆڤێک لە گەل مرۆڤێکی دیکە لە چوارچێوەی خانوودا نیشان دەدات کە هەریەکیان خانوویەکی پەنجەرەیەکی گەورەیە. قەبارەی هەر ماڵێک نوێنەرایەتی هۆشیاری - لەلایەن کەسەکە خۆیەوە یان لەلایەن کەسانی دیکەوە - لە ڕەفتار و هەست و پاڵنەرەکانی دەکات.
گرتنەبەری سیاسەتی ٣٦٠ پلەیی یاریدەری رێبەرانی سیاسی دەکات، لە گەشەکردنی تواناییە رێکخراوەکانیان، هاوکاری و لە دۆزینەوەی دەرفەتە نوێیەکان بۆ هاوکاری کردن و گەشەی پایەداری رێکخراوەیی و سیاسی و بەرەوپێش بردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی. لەو رێگەیەدا تێگەیشتنی هاوبەش لە دۆزینەوەی بایەخە هاوبەشەکان و یەکگرتوویی لە پلۆرالیزم دا بەدەست بهێنرێت. گرتنەبەری سیاستی ٣٦٠ پلەیی خوڵقێنەری دەرفەتە بۆ هەموو ئەکتەرەکانی سیاسی کوردستان و وەک چۆنێک لەتە بازنەیەکی ٣٦٠ پلەیی لە کەوانە جۆراوجۆرەکان پێکهاتووە، بازنەی سیاسی کوردستانیش بە بوونی ئەکتەرە کانی ناو کۆمەڵگای سیاسیەوە تەواو دەبێت. لەوەها کەشێکدا حیزبەکان نەک رکەبەری یەکتر نین، کە بگرە دەبنە تەواوکەری یەکتر. بوونی ئەوی دیکە نەتەنیا هەڕەشە نیە بۆ بوونی خۆمان، بەڵکوو بوونی ئەو پێویستییەکە بۆ مانەوە و تەواو بوونی خۆمان.
[1] PAPU NANU lens (Positive:Aware, Positive: Unaware, Negative: Aware, Negative: Unaware).