بۆ من، کوشتن و لەسێدارەدانی هەر تاکێکی کورد لە هەر ڕاستێکی نیشتمانی لەتلەتکراو و تاڵانکراو، خەفەتێكی گران و زامێكی بەژانە. بۆم گرینگ نییە ئەو كەسە ڕاست بێت یان چەپ، ئیسلاحتەڵەب بێت یان شۆڕشگێڕ، بۆ برایەتی و خوشکایەتیی گەلان هەوڵ بدات یان بۆ ئەوەیکە وەکوو سەدان کولتوور و کۆمەڵگا خاوەن کەرامەت و خاک و نیشتمانی خۆی بێت؛ بە کتێبەکانی مارکسەوە بخەوێت یان بە خەون و خەیاڵی دەستکردی حەزرەتی ئاپۆ و بوکچین و هتد دڵی خۆی خۆش بكات، هەرچۆنێكی لێی بڕوانی ئەتۆ تاوانت کوردبوونتە، تۆ ڕۆڵەی خاکێکی دابەشکراوی، کولتوورێکی لێکپچکڕاوی، بوونەوەرێکی شایانی قوربانیکردنی و تەنیا نەتەوەیەکی کە لەگەڵ چوار دەوڵەت-نەتەوەی فاشیست ڕووبەڕووی و لەسەد ساڵی ڕابردوودا وێکڕا و بەنۆرە جێنۆسایدیان کردووی و هەر بەردەوامیشن. بەڵام ئەوە تۆی كوردی كە هەرگیز دوژمنەکەی خۆت یەکە و تۆکمە نابینیت. بە پەرداخێک ئاو وە مەلە دەکەویت. لە دوژمنەکەی خۆت داوای لێبوردن دەکەی کە بۆ وڵاتەکەت لە نێو چوار دەوڵەتدا دابەش کراوە و سەرن لە چوار دەوڵەتان شێواندوە! بۆت زۆر ئاسان و بەسیتە لە کۆفی شۆپ و کۆبوونەوەی ڕۆشنبیریدا بە قاوە و بیرەیەک و جگەرەیەک سنوورە نێودەوڵەتییەکان وەسڕیت و ئۆتوپیایەکی ئەفلاتوونی بخولقێنیت؛ دەوڵەتت ناوێت چۆن ناتوانیت خۆت لە گۆماوی هزری فاشیستی داسەپاودا دەرباز بکەیت. تاكی بە هزر كۆیلەكراو، لە ٢٠٠ دەوڵەت تەنیا چواردانەیان وەکوو نموونە دەبینێت و ناحەقیشی نییە؛ بۆ مرۆڤی کۆیلە و مێشکی کۆیلەکراو هیچ ئەشکەنجەیەک لە ئازادبوون و سەربەخۆبوون واوەتر نییە؛ هەزاران گەنج و لاوی کورد بە کوڕ و کچ بە کوشت دەدات لە پێناو چی؟ لە پێناو شەڕێک کە دەزانێت دەیدۆڕێنێت؛ لەگەڵ دوژمنێک کە بە کەمتر لە سڕینەوەی جەستەیی تۆ ڕازی نابێت و ڕۆژ نییە بە نموونە و بە کردەوە ئەوەت وەبیر نەهێنێتەوە. تاکی کورد لەبەری سەهل و ئاسانە کە سنووران وەسڕێت بەڵام ئەو سنوورسڕینەوەیە قەت لە تاران و ئەنکارا و بەغدا و دەمیشقەوە دەست پێ ناکات؛ هەمیشە لە ئاو و خاک و نیشتیمان و گیان و جەستەی خۆیەوە دەست پێ دەکات. خەبات بۆ خاک و نیشتمانی خۆی پێ ئەشکەوت¬نشینییە و کردوویەتی بە پاشکۆی ڕزگاریی جەستە و چێژ و چین. لەم نێوەدا هەموو هەوڵی بۆ بەشەیتانکردنی کولتوور و کۆمەڵگای خۆییەتی. لێم دەپرسن بۆچی بە مارکسیزم و چەپ بەگشتی قەڵسی؟ من تەنیا پێی قەڵس نیم بەڵکوو هەموو گیانم پێی دێشێت و ناشیشارمەوە. چەپ لەوانەیە هۆشیارکەرەوە بێت بەڵام ڕزگارکەرەوە نییە. لە ٢٠٠٧ـەوە لە چەندین زانکۆ لە ئێران و دەرەوە بەردەوام دەرسی تیۆریی چەپم گوتووەتەوە؛ بەڵێ چەپی ئەمریکای لاتین، چەپی ئەفریقا، تەنانەت چەپە کاپیتالیستیەیەکی سۆڤیەت و چینیش بە هەموو کەموکووڕیەکەیانەوە هێشتا نەتەوەخواز بوون، باوەڕیان بە دەرگا و بان و حەوش بوو؛ بەڵام چەپی کوردی بەتایبەت لەو سەردەمەدا یان پاشکۆی گوتاری ئێرانشارییە یان دارەدەستی کەماڵیزمە. بۆیە چەپی کوردی بۆ من نوێنەری کۆیلایەتیی نوێ و ژێنۆسایدی هزری نیشتمانییە. بەبێ خوێندنەوەی مێژووی ڕۆشنبیریی ئەو دوو نەتەوەیە واتە تورک و فارس – من باسی عەرەب ناکەم چۆن مەبەستم ڕۆژهەڵات و باکوورە لێرەدا - ئێمە لە ئاکاری چەپی فارس و تورک و هەروەها ڤێرژێنە کۆیلە - کوردییەکەی تێ ناگەین. باشترین بەڵگە ڕێبەرایەتیی حیزبە چەپە ئاپۆیستییەکان و لق و پۆ سی پیتەکانییەتی - بەتایبەت گوتاری برایەتی و خوشکایەتیی گەلان. لە حاڵێکدا دەیان و سەدان گەنج بەو شاخانەوە بەکوشت دەدەن، بە هزر و بە کردەوە و بە بانگەشەی فەرمیی خۆیان پارێزەری فاشیزمی تورک و عەجەمن. ئەوە بوختان نییە و تەنانەت تەفسیریش نییە، بڕۆن لە لێدوان و بەیاننامەكانیان ورد بنەوە و بەبێ دەمارگرژی بیانخوێننەوە. ئەو پۆستەم بۆیە نووسی کە لەو ماوەیەدا هەواڵی حوکمی لەوسێدارەدانی خاتونێکم بیست لە ڕۆژهەڵات و، چەند جارێک بیستبووم کە پێشتر سەر بەو ڕێبازە بووە. لەگەڵ ئەوەیکە وەک کوردێک زۆر پەرۆشمە و هیوای ئازادیی بۆ دەخوازم، بەڵام بەردەوام ئەو پرسیارە لە خۆم دەكەم کە بۆ دەبێ تاکێكی نادەوڵەت-نانەتەوەخواز کە تەنیا تاوانی تێکۆشان بۆ برایەتی و خوشکایەتیی گەلان بووە و هیچ مەترسییەكی بۆ سەر بەرژەوەندیی داگیركەران نییە، لە لایەن برا و خوشکە فارسەکانییەوە بە سێدارە مەحکووم بکرێت؟ ئاخۆ کەی ئەو ڕۆژە دێت کە کوشەندەترین ژەهر و شێرپەنجەی سەدساڵی ڕابردووی کورد، واتە چەپی کوردی ئێرانشاری / کەماڵیستی وەخۆی بێتەوە و بگەڕێتەوە باوەشی نیشتمان؟ هەر چەندە هاوکات لەسەر ئەو باوەڕەم کە هۆگرانی ئەو ڕێبازە ژەهراوییە خۆیان کەم خەتابار نین: چ بوونەوەرێک لەسەر ئەو عەرزە هەیە کە هێلانەی نەوێت و خولیای ئازادی و سەربەستی و کەرامەتی نەبێت.