هەروەک چاوەڕوان دەکرا بۆ سێهەمین جار دوا بە دوای یەک، خەڵکی ئێران شانۆی دەنگدانەکانی ئەو رژێمەیان بایکۆت کرد و لانی کەمی خەڵک بەشداریان کرد لە سیرکی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەو رژێمە. بە پێی ئامارە فەرمییەکان تەنیا ٤٠٪ ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو بەشداریان لە دەنگدان کردووە. لەو ئامارەدا ڕوون نیە، چەن کەس دەنگی بەتاڵیان داوە و تەنیا رێژەی بەربژێرەکانی دیاری کراو رژێم باس کراوە. تا لێرەی کۆماری ئیسلامی ئێران شکستێکی مێژوویی هێناوە. کاتی خۆی نزیک بە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر خامنەیی لە نوێژێکی خوتبەی هەینیدا باس لە وڵاتێکی رۆژاوایی دەکات کە تەنیا ٣٠٪ خەڵکەکە بەشداریان لە دەنگدان کردووە و ئەمە بە شەرم دەزانێت بۆ ئەو وڵاتە و نیشانەی نەبوونی مەشرووعیەتی ئەو رژێمانە دەزانێت لای خەڵک. بەرلە ڕێکەوتی دەنگدانیش خامنەیی یەکەمجار بوو کە لەماوەیەکی کورت دا چەندین جار داوای بەشداری خەلک کرد لەو دەنگدانەدا بۆ بەیعەت تازە کردنەوە لە گەڵ "ولایت مطلقە فقیە". بەشداری نەکردنی زیاتر لە ٦٠٪ خەڵکی ئێران لە سیرکی دەنگداندا، مشتێکی ئاسنین بوو لە لایەن خەڵکەوە لە دەمی خامنەیی و هەموو کۆماری ئیسلامی ئێران بە جیناحەکانی ناوخۆشەوە.
ئەگەر دەنگدان و دەنگنەدان بە ئەکتێکی مەدەنی بۆ دەربرینی ویستی سیاسی خەڵک و شارۆمەندان بزانین دەتوانین بێژین خەڵکەکە بە سەر چەند بەشی خوارەوە دابەش ببوون:
1. ئەو کەسانەی کە دەزانن کۆماری ئیسلامی ئێران رژێمێک نیە بۆ گۆڕانکاری و رێفۆرم بۆیە بایکۆت کردنی ئەو رژێمە بە باشترین هەڵبژاردەدەزانن. هەڵبەت لە سەردەمە جۆراوجۆرەکانەوە تەنانەت کەسان و ئەو رێکخراوانەی دروشمی ڕووخانی رژێمیشیان داوە، بە شێوەی تاکتیکی بەشداریان لە دەنگ کردووە یان هاندەری خەڵک بوون لە بەشداری لە دەنگداندا بە هیوای گۆڕانکاری و بەهیزکردنی هێزی گۆڕان لە ناو خودی رژێمدا.
2. کەسانێک کە بیر لە ڕووخانی رژێم ناکەنەوە بەڵام هیوایەکیشیان بە گۆڕان لەو رژێمەدا نیە و دەزانن سەرۆک کۆمار لە نیزامی ئیسلامی دا فەرمانبەرێکی بێ دەسەڵاتی رژێمە.
3. خەڵکانێک کە دوای سەرهەڵدانەکانی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، لێدانی فڕۆکەی ئۆکراینی و شۆرشی ژینا هیوابڕبوون لە رژێم و لەو رژێمە گوزەرا نبەتایبەت نەوەی زێد Z و ئاڵفا Alpha
4. کەسانێک کە دەستەوەستاون بەهۆی نەبوونی ئاڵترناتیڤیکی جێی بڕوا بۆ رژێم هیوایەکیان بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن نەماوە و بەدوای تراویلکە و سەرابی گۆڕان بە دەنگدان بە "مەسعوود پزشکیان" پێیان وایە دەتوانن پێشی ئەوە بگرن دۆخەکە لەوە کە هەیە خراپتر نەبێت و جارێ نیمچە هیوایەکیان بە رێفۆرمخوازەکانی ناو رژێم ماوە.
5. کارمەند و مووچەخۆران کە بەشێکی زۆریان ناچار کراون بۆ دەنگدان و ناچارن دەنگ بدەن
6. لایەنگرانی رژێمی کۆماری ئیسلامی.
رژێمی ئێران تا لێرەی شکستێکی مێژوویی خواردووە، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنیش سەرکەوتنێکی بە دەست نەهێناوە. ئەو ٦٠٪ دەنگدەرەی کە بایکۆتی دەنگدانیان کردووە تەنیا لە بزاڤێکی مەدەنیدا ناهومێدی خۆیان لەو رژێمی نیشان دا و ناتوانین بێژین تەنانەت هەموویان لایەنگری ڕووخانی رژێمی ئیسلامیش بن. بۆچی ئۆپۆزیسیۆن سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە: بایکۆتی تەنانەت بە داپێنانی رژێم ٦٠٪ی واتە سەرمایەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ پاشەکشەکردن بە رژێم و تەنانەت مانۆر دان لە ئاستی ناونەتەوەیی بۆ نیشاندانی هێز و توانای ئۆپۆزیسیۆن دژی رژێم. بەڵام ئەمە لەکاتێکدا مسۆگەر دەبێت کە رژێم خاوەنی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێزی یەکگرتوو و خاوەن پڵان بێت بۆ بوون بە ئاڵترناتیڤ. رژێمە دیکتاتۆرەکان بە دەنگدان و بایکۆتی سندۆقەکانی دەنگدان ناڕووخێن، بەڵکوو بە بوونی تەشکیلاتی ریکوپێک، خاوەن بەرنامە و بەنفووز لە ناو هەموو چین و توێژەکانی وڵات کە بتوانێت لە کاتی پێویست دا گۆڕانکاری بخوڵقێنێت دەڕووخێت و ناچار دەبێت هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت. لە کاتی ئێستادا ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە ئاستی سەرانسەریدا لێکترازوتر لە ساڵانی ڕابردوو و دوور لە یەکە، کەواتە رژێم مخابن نیگەرانییەکی جیددی نیە لە ئۆپۆزیسیۆنێکی وا. تەنانەت لە ئاستی کوردستانیشدا ئێمەخاوەنی تەشکیلاتێکی بەهێز و یەکگرتوو یان هاوپەیمان نین کە بتوانیت ئەو دەنگە ناڕەزاییانە بکاتە شەپۆڵ و سەرمایە بۆ رێکخستنی بزاڤێکی کۆمەڵایەتی بەهێز و ڕاکشانی پشتیوانی ناونەتەوەیی بۆ لای خۆی.
کۆمەڵگای ئێران و کوردستان کۆمەڵگایەکی قەیراناوییە، کۆمەڵگایەکە لە دەستی قەیرانی بڕوا دەناڵێت، کۆمەڵگایەکە کە بەهۆی یەکنەگرتوویی و وێکگەیشتوویی سیاسی ئاسۆیەکی ڕوون بەرەو داهاتوو بۆخۆی نابینێت. رێکخراوەکانی سیاسی بەتایبەت لە کوردستان مەودایەکی زۆریان هەیە لە گەڵ نەوەی نەوەی زێد Z و ئاڵفا Alpha و رێبەرانی سیاسی کوردستان لە گەڵ ئەو نەوەیە بێگانەن و ئەو نەوەیەش ئەوان ناناسێت. لە وەها ڕەوشێکدا بایکۆتی خەڵک تەنیا شادییەکی کاتییە کە دوای ماوەیەک بۆخۆی دەبێتە یەکێک لە هۆیەکانی بەگژ یەکتردا چوونی چالاکانی سیاسی ناوکۆمەڵگا و رێکخراوە سیاسییەکان.
ئەو ٦٠٪ بایکۆتە کاتێک دەتوانێت وەک سەرمایەیەکی سیاسی بەکار بێت کە تێگەیشتنێکی هاوبەش هەبێت لە بەرەو پێشبردنی تێکۆشان دژی کۆماری ئیسلامی و ستراتێژییەکی ڕوون هەبێت بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی ناونەتەوەیی. مخابن جارێ هیچکام لەوانە دیار نین و بەو هۆیەشەوە ناتوانین بێژین هیچکام لە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانەوە سەرکەوتنێکیان بەدەست نەهێناوە، تەنیا ڕژێم شکستی خواردووە.
مەجید حەقی