ڕۆژی ٢٧ی تەمموزی ٢٠٢٥ی زایینی، بەرانبەر بە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە پاش بانگهێشتنی سازمانی دیموکراتیکی یارسان بۆ کۆنفرانسی "هاوکاریی نیشتمانی بۆ ڕزگارکردنی ئێران" لە مۆنیخ، کاک فەرەیدوون کەرەمی وەک نوێنەری ڕێکخراوەکە بۆ بەشداریکردن لەم کۆنفرانسە دیاری کرا. هەرچەند بانگهێشتن بۆ ئامادەبوون لەم کۆنفراسە بە شێوەی کەسی بوو، بەڵام سازمانەکەمان هەر لە دەستپێکەوە بە ڕوونی ڕێکخەرانی ئاگادار کردەوە کە نوێنەری ناسێندراو بە شێوەی فەرمی و وەک نوێنەری سیاسی ڕێکخراوەکەمان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکات.
هەروەها چەند کەس لە ئەندامانی کۆمەڵگەی یارسان، لەوانە، عەلی ئەسکەر خوسرەوی، عەزیزموراد ئەکبەری، عەلی مێهرابی، حوسێن خەلیفە و بەشیر ئەمیرخانی، ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون. لە نێوئاخنی کۆنفرانسەکەدا ، ڕێکخەرانی کۆنفرانس کاتێکیان بۆ خوێندنەوەی پەیامی فەرمی سازمانی دیموکراتیکی یارسان تەرخان کرد، بەڵام بەداخەوە لەپاش ئاگاداربوونیان لە نێوەرۆکی پەیامەکە، داوایان کرد بەشێکی پەیامەکە لاببرێت یان دەستکاری بکرێت.
بەداخەوە دەبێ ئاماژە بە ئەوە بکەین کە "دیموکراسی پلۆرالیستی" کە دروشمی کۆنفرانسەکە بوو، بە کردەوە نیشانیان دا کە تەحەمولی بیروڕای جیاواز و سەربەخۆ، بە تایبەت هەڵوێستی سیاسی سازمانی دیموکراتیکی یارسانیان نییە.
هەروەها ڕادەگەێنین ئەو چەند ئەندامەی کۆمەڵگەی یارسان کە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکە کردووە، هیچ چەشنە بەرپرسایەتی و پێگەی ڕێکخراوەیییان لە بەڕێوەبەریی سازمانی دێموکراتی یارساندا نییە و لە سەر ئاستی تاکەکەسی بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کردووە و لێداونیان داوە، هەربۆیە سازمانی دیموکراتی یارسان، بێبەریبوونی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆی لەم هەڵوێستی ئەم کەسانە ڕادەگەێنێت و لە ڕێکراوەکە دەریان دەکات.
سازمانی دیموکراتی یارسان بە پێی کولتوور و سیاسەتی خۆی "بەیعەت"ی بە هیچ کەس و لایەنێکی دیاریکراو نەداوە و پێداگری لەسەر سەربەخۆیی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆی دەکاتەوە. ئێمە لەو باوەڕە داین لە کاتی شۆڕش و تێپەڕین لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی، تەنیا ڕێبەرایەتێکی شورای و هاوبەش و دیموکراتیک دەتوانێک نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی هەمەچەشن و فرەڕەنگی ئێران بکات.
سازمانی دیموکراتی یارسان، هەردووک قۆناغی یەکەم و دووەمی دەسەڵاتداریی پەهلەوی لە مێژووی هاوچەرخی ئێران بە شیاوی ڕەخنە بنەڕەتی دەزانێت و پێی وایە خاوەن کەموکۆڕی حاشاهەڵنەگرن، هەربۆیە لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی لە داهاتوو ئێراندا، خۆمان لە هەرچەشنە مۆدێلێکی ناوەندگەرا و پاوانخواز بەدوور دەگرین.
لە کۆتاییدا، سازمانی دێموکراتی یارسان، ئامانجەکانی خۆی بۆ بەدیهێنانی سیستەمێکی سکۆلار، دیموکراتیک و لامەرکەزی لە داهاتووی ئێراندا دووپات دەکاتەوە.
شورای ناوەندی
سازمانی دیموکراتی یارسان
٢٧ی تەمموزی ٢٠٢٥