بانگەوازی بۆ مانگرتنی سەرانسەری - It's Over 9000!

بانگەوازی بۆ مانگرتنی سەرانسەری

نوسراو لە بەرواری 2024 , September 10
0 0

 

بانگەوازی کۆمەڵگەی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان له خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی رۆژی ۲٥ی مانگ لەماڵەکانیان بمێننەوەو دوکان و بازارەکان دابخەن.

بانگەوازی مانگرتنی سەرانسەری لە دووەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا یەکشەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی
لە ٢٥ی مانگی خەرماناندا دەچینە دووەم ساڵی قەتڵی حکوومەتی ژینای کوردستان و سەرەتای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی؛ ئەو ڕاپەڕینەی کە هەموو ئازادیخوازان و یەکسانیخوازانی لەگەڵ خۆی هاورا و تەبا کرد و جارێکی تر سەلماندی کوردستان هێشتا بەهێز و لەشکاننەهاتوویە. هەروەکچۆن ڕۆژانی یەکەم "نا"یەکی گەورەی گوت بە هەموو دەرکەوتەکانی کۆنەپەرستی و تۆتالیتاریزم. ئێستاش دوای چوار دەیە هاودڵ و یەکگرتوو وەفادارە بە بەڵێنەکانی و بە هەموو توانایەوە و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر خەبات بۆ ئازادی و سەروەری و یەکسانی دەکات.


مەشخەڵی شۆڕشی ژینا لە دەستی ئەو نەوەیە تازەیەدا هەڵگیرساوە کە لە باوک و دایکی خۆیانەوە فێری خۆڕاگری و شەرەف بوون و دەزانن کە "ئازادی" بەنرخترین سامانی مرۆڤ و جەوهەری مرۆڤایەتییە. نەوەیەک کە بە ڕوونی تێگەیشتووە میللەتێک ئازادیی بوێ، دەبێت نرخەکەشی بدات. بۆیە گەنجان و ژنان بە بانگەوازیی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا توانیان گەورەترین شۆڕشی سەردەمی مۆدێرن بخوڵقێنن، گیانیان لە پێناو ئەو دۆزەدا فیدا کرد و بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەختەوەری و یەکسانی، هاوڕێ و هاودەنگ بوون.


هەرچەند لە ڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینای کوردستان و سەدانی وەک ژینا هەتا ئەمڕۆش دامودەزگەی سەرکوتی ڕژیمی داگیرکەر بە دوای ئەشکەنجە و زیندان و ئێعدامدا دەگەڕێت بەڵام هەمووان و خودی ڕێژیم دەزانن کە نواندنی هێز و فرت و فێڵ و بەڵێن، ئاگری ئەم بزووتنەوە هەقخوازییە ناکووژێنێتەوە و بڵێسەی ئاگرەکە بەربڵاوتر و قووڵتر دەبێتەوە و هەتا سووتاندنی دوا ستوونەکانی کۆنەپەرستی و دیکتاتۆریی درێژەی دەبێ.


بۆیە لە دووهەمین ساڵیادی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە دواتریش هەموو شارەکانی کوردستانی و بەشێک لە ئێرانی گرتەوە، ئێمەی تێکۆشەرانی کۆمەڵگەی سیاسی-مەدەنی-مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە بنەماڵەی شەهیدان، باوکان و دایکان، گەنجان، بازرگانان و سەندیکاکان، مامۆستایان، کرێکاران، خوێندکاران، ئازادیخوازان و دۆستانی دادپەروەری و یەکسانی دەکەین کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان با لە ماڵەکانمان بمێنینەوە و ناڕەزایەتی مەدەنی خۆمان لە شێوەی مانگرتنی گشتیی سەرتاسەریدا پێشان بدەین، بە مەبەستی پێشاندانی سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ شەهیدانی شۆڕشی ژینا و درێژەدان بە ڕێبازەکەیان.

 


ژن، ژیان، ئازادی..

بۆچونی نوێ