گەلی کورد لە باکووری کوردستان دەیان ساڵە لەبەرامبەر سیاسەتی نکۆڵی کردن، تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی بەزۆری، توندوتیژی و بێ مافی بەرگری لە خۆی دەکات. لەو پێناوەدا گەلی کورد لەباکووری کوردستان رێکاری جۆراوجۆری ئەزموون کردووە بۆ گەیشتن بە مافی دیاری کردنی چارەنووس. یەکێک لە گرینگترین و شوێندانەرترین شێوازی خەبات، دامەزراندن و بەرێوەبردنی خەباتی بەرگری نەتەوەیی لە ژێر ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) بووە کە لە ساڵی ١٩٧٨ تا ئەمرۆ ڕۆلێکی سەرەکی و دینامیکی هەبووە لە باکووری کوردستان.
دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی زیاتر لە چڵ ساڵی ڕابردوودا هەموو شێوازێکی بەکار بردووە بۆ سەرکوت و لەناو بردنی جۆڵانەوەی نەتەوەیی کورد لە باکووری کوردستان و دژایەتی کردووە لە گەڵ هەرجۆرە مافێکی بەکۆمەڵ و کۆلێکتیڤی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، لەو پێناوەدا جیا لە کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی سەدان هەزار لە خەڵکی باکووری کوردستان زیاتر لە ٣٠٠ میلیارد دۆلار خەساری لە ئابووری وڵاتەکەی داوە بە بێ ئەوەی بگاتە ئامانجی سەرەکی و شکست هێنانی جۆڵانەوەی نەتەوەیی کورد و سەرکوتی پرسی کورد لە تورکیا. گۆڕانکارییەکانی ساڵانی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هاتنەکایەی "نەزمێکی" نوێ لەو ناوچە گرینگەی جیهاندا و پێویستی حیزبی دەسەڵاتدار بۆ دەنگی کورد بۆ مانەوەی ئەردۆغان لە سەرۆک کۆماری لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٨دا، تورکیای ناچار کرد بیر لە دەربازبوون لەو قەیرانە بکاتەوە.
لە پاییزی ٢٠٢٤دا بە دەسپێکی کەمپەینی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا لە لایەن حیزبی دێموکراتیکی گەلان (DEM) و داوای دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی حیزبی تورکە ناسیۆنالیستەکان (MHP)، سەر ئەنجام لە ٢٧ی شوباتی 2025 بەرێز عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانی کراوی پ.ک.ک داوای ڕاوەستاندنی شەڕی چەکداری هەڵوەشاندنەوەی ئەو حیزبەی کرد. لە ڕۆژانی ٥ بۆ ٧ی مانگی مەی لە دوانزدەهەمین کۆنگرەی خۆیدا پارتی کرێکاران بە پیری بانگەوازی رێبەری زیندانی خۆیان چوون و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و ڕاگڕتنی شەڕی چەکداری دا.
ئەم بڕیارە نەتەنیا شوێندانەری لە سەر پرسی کورد لە باکووری کوردستان دەکات، بەڵکوو کاردانەوەی چەند ڕەهەندیی و ناوچەییش بەدوای خۆیدا دێنێت. پ.ک.ک لە سەرەتای دامەزراندنیەوە خەباتێکی مەزنی کردووە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی حاشاکردنی ناسنامەی کورد لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە و توانیویەتی بە خەباتی هەمەلایانەی خۆی پرسی کورد لە باکووری کوردستان لە ئاسیمیلاسیۆنی هەتاهەتایی و فەرامۆشی ڕزگار بکات. سەرکەوتنی پ.ک.ک تەنیا لە بەرگری چەکداری نەبووە، بەڵکوو بە هۆی توانایی کۆکردنەوەی جەماوەی خەڵک و ژنان و گەنجان و دیاسپۆرای کورد و تەنانەت هێزە چەپەکانی غەیرە کوردیش بووە لە دەوری دروشمەکانی خۆی. چەمکەکانی وەک ڕزگاری، یەکسانی کۆمەڵایەتی، ئێکۆلۆژی و دێموکراسی ڕاستەوخۆ ناوەڕۆکی بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی – سیاسی ئەو حیزبە پێک دێنن. لەو ڕووەوە هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک تەنیا پرسێکی تەشکیلاتی و ڕێکخراوەیی نیە، بەڵکوو بە واتای کۆتایی قۆناغێکی مێژوویی لە خەباتی نەتەوەی کورد و دەسپێکی تێپەڕ بوون بە قۆناغێکی نوێ و گۆڕانکاری خوڵقێنە لە باکووری کوردستان.
پرسی کورد لە هیچکام لە بەشەکانی کوردستان چارەسەری سەربازی و نیزامی نیە، بەڵکوو پرسێکی سیاسیە کە پێویستی بە چارەسەری ئاشتی خوازانە و سیاسی دەکات. ئەوەی بۆ کۆمەڵگای کورد و جۆڵانەوەی نەتەوەیی جێی پرسیارە ئەمەیە: لەکاتێکدا کە دەوڵەتی تورکیا جارێ دێموکراتیک نەبووە، زمانی زکماکی جارێش لەو وڵاتە قەدەغەیە، ناسنامەی کوردی لە دستووری ئەو وڵاتەدا بە فەرمی نەناسراوە، داخۆ هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک دەستکەوتێکی ڕاستەقینەیە یان پاشەکشەیەکی مەترسیدار؟
ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بە ڕاستی وەڵامی بانگەوازی ئۆجەلان بداتەوە، هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ کرانەوەی وەرزێکی نوێ لەو وڵاتە. بەڵام ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە، هەرکات خەڵکی کورد چەکەکانیان وەلاناوە، سەرکوتی دەوڵەت زیاتر بووە (وەک قۆناغەکانی ١٩٩٤ و ٢٠١٥). کەوابوو ئاشتی ڕاستەقینە پێویستی بە هەنگاوەکانی خوارەوە هەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە:
· بەفەرمی ناسینی خەڵکی کورد وەک یەکێک لە نەتەوەکانی پێکهێنەری تورکیا لە دستووری ئەو وڵاتەدا
· مسۆگەر کردنی خوێندن بە زمانی زکماکی لە رێگای گۆڕانی دستووری ئەو وڵاتە و یاساکانی دیکەی وڵات
· ئازادی زیندانیانی سیاسی
· دەسپێکی ڕاستەقینەی پرۆسەی ئاشتی
لە نەبوونی ئەو ڕێوشوێنانەدا هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک تەنیا وەک پاشەکشەیەکی تاکلایەنە سەیر دەکرێت و متمانەی گەلی کوردستان لە دەست دەچێت.
هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک بە واتای کۆتایی خەبات نیە، بەڵکوو کرانەوەی کەشیکی نوێ بۆ خۆرێکخستنی نوێ، دووبارە شی کردنەوەی ستراتێژی و پێکهاتەی جێگیرەوەیە. لەو پێوەندییەدا بڕیاردەرانی هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک دەبێ وەڵامی چەند پرسیار بدەنەوە:
· رێگەی نوێی خەبات چیە؟
· چ مکانیزمێک بۆ نوێنەرایەتی کردنی گەلی کورد لە باکووری کوردستان پێشبینی دەکرێت؟
· بزووتنەوەی ژنان و گەنجان چۆن پێناسە دەکرێتەوە
· داخۆ سیاسەتی دێمۆکراتیک بەواتای تێكەڵبوون لە گەڵ پێکهاتەکانی ئێستای تورکیایە یان خەبات بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لەو وڵاتە؟
وەڵامی ئەو پرسیارانە داهاتووی خەباتی گەلی کورد دیاری دەکات.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە نەزمی سیاسی لە سەر بنەمای دێموکراسی دانەمەزراوە و پێکهاتەی دەوڵەت-نەتەوە لە سەر بنەمای ئینکار و حاشاکردن، سەرکەت و لەناوبردنی جیابیران دامەزراوە، ڕاستییەکی تاڵی مێژوویی ئەوەیە کە نەتەوەیەک کە خاوەنی کەرەسەی بەرگری لە خۆی نەبێت، لە بەرامبەر پاوانخوازاندا بێ پەنا دەمێنێتەوە. ئەزموونی نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو لە هەموو بەشەکاندا شاهیدی ئەو ڕاستیە بووە کە "بێ چەک بوون" بە واتای "بێ هێزی بەرگری بوون" دێت و زۆر جار دەسپێکێک بووە بۆ جێبەجێ کردنی سیاسەتی ئینکار و لەناو بردنی بە کۆمەڵ.
لەو ڕووەوە تەنانەت ئەگەر واز لە خەباتی چەکداری وەک ستراتێژیی ناوەندی بهێندرێت و رێگەی خەباتی سیاسی، مەدەنی و دیسپۆرایی و دیپلۆماتیک وەبەر بگیرێت، پێویستە لانی کەمی هێزی بەرگری بۆ پێشگیری لە کارەساتەکانی مێژوویی بۆ کورد بەجێ بهێلڕێت. لەو جوغرافیانەی کە دەوڵەتەکان هەمووجارێ هەوڵی سەرکوت و لەناوبردنی دژبەرانی خۆیانداوە، تەنیا زمانی بەگری کار هاوسەنگییەکی ڕێژەیی هێزە.
بۆیە نەتەوەیەکی وەک نەتەوەی کورد، کە هێشتا لە هێچ شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دانیان پێدا نەنراوە وهەمیشە بووتە قوربانی ململانێیەکانی ناوچەیی هەبوونی ئامرازەکانی بەرگریکردن لە خۆی نیشانەی توندوتیژی نیە، بەڵکوو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ مانەوە، هۆشیاری و پێگەیشتوویی سیاسی. ئەزموونەکانی جیهان دەریان خستووە کە ئاشتی بەردەوام تەنیا کاتێک دەکرێت کە هاوسەنگی هێز و رێگری کردن (بازدارندگی) حکوومەتەکان ناچار بکات چارەسەری دادپەروەرانە قبووڵ بکەن.
پ.ک.ک میراتێکی گەورە بوو لە خۆبردوویی، بەرگری، رێکخستنی جەماوەر، داهێنانی ئایدیۆلۆژیک. هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆتایی نیە، بەڵکوو دەسپێکی وەرزێکی نوێیە لە خەباتی پڕ لە سەروەری نەتەوەی کورد.
خەباتی نەتەوەی کورد گەیشتووتە قۆناغێک کە هیچ هێزێک ناتوانێت حاشا لە بوونی بکات. بۆیە بانگەوازی ئۆجەلان و بڕیاری کۆنگرەی دوانزدەی پ.ک.ک ناتوانێت ئاشتییەکی بەردەوام لە تورکیا دروست بکات، ئەگەر چاکسازی قوولی سیاسی و پناسەکردنەوەی پێکهاتەی دەوڵەتی لە گەڵدا نەبێت. ئاشتی ڕاستەقینە تەنیا بە بێدەنگ کردنی چەکەکان نیە، بەڵکوو دابینکردنی دادپەروەرانەی مافی نەتەوەیی کورد، یەکسانی و کەڕامەت و مافی دیاری کردنی چارەنووسی گەلانە.
ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
20.5.2025